Lyktan
S
?
“تکایە بابە، جلی کوردی نا”
پێش ئاهەنگی ساڵی نوێ لەگەڵ هاوکارەکانی دا هەوڵ دەدات دووبارە پەیوەندی بە میراتێکی کولتووری بکات کە بە هێواشی لە دەستی چووە٫ لە نێوان جلوبەرگی فۆلکلۆر و قسەی خۆشەویستی و تاوانباری نەوەکاندا، زانیار ئادەمی باس لە بێدەنگترین لەدەستدانی دەربەدەری دەکات: زمانی دایک.
سفرەی ساڵی نوێ ئامادە کراوە، خواردنەکان ئامادەن، مەنجەڵە چێشتەکە دەکوڵێت، نانی شیرین لەسەرمێزەکە دانراوە و جلە کوردیەکانم لە ژووری تەکنیک شاردۆتەوە. بە نابەدڵی ڕازیم بووم شەوێکی کوردی بۆ هاوکارەکانم ڕێکبخەم بە بۆنەی نەورۆز ـ ساڵی نوێی کوردی. ئێستا دەبێت نوێنەرایەتی کوردستان بکەم، کولتوور و زمانەکەم بناسێنم، ببمە پەیام هێنەری نەریتەکانی چەند نەوە. لەماڵەوە ڕاهێنانم کردوە لە چێشت لێنان، دایکم ڕێنمایی کردووم و یارمەتیی دام بۆ کڕینی ئەو حەوت شتەی پێویستە بۆ نەورۆز، بەڵام ناتوانم هەستی ئەوە لە خۆم دوور بخەمەوە کە خۆم وەک کەسێک پیشان دەدەم کە کولتوورێکی هەڵگرتووە کە من هێواش هێواش لە هەردەیەیەک دا لە سوید لەدەستم چووە. شانەکانم قورس بوون بە میراتی دایکان و پیرەژنانی پێشخۆم. دایکم و باوکم ئێستا پیر بوون، لەم چەند ساڵەی دواییدا هێزیان نەماوە جەژنی نەورۆز بگرن دەزانم نەریت و کولتوور لەگەڵ ئەواندا دەمرێت. ئەوان هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی میراتێکم پێ ببەخشن کە من پشتگوێم خستووە.
دوو ساڵ پێشتر لە ڕۆم دوو کوڕی هەرزەکار لە بەرامبەرم دانیشتبوون، هەر یەکەیان پیتزایەکی لەبەردەمە لەسەر حەردەکە دانیشتبون. لەو کاتەدا ئەو پرسیارەم بۆ هاتە پێش کە زۆر لێیدەترسام: «بۆچی فێری زمانی کوردیت نەکردین، باوکە؟» دەزانم شتێکی بێمانایە کەئەوان تاوانبار بکەم کە لە منداڵیدا ئەو کارەیان نەکردوە بەڵام هێشتا بیری یەکەم نامەیان دەکەمەوە بۆ منیان نوسیبوو بە پیتی خوا و خێچ وەک منداڵێکی تەمەن ٦ساڵان لەسەر پارچە کاغەزێک نووسراوە وەک ناڕەزایەتییەکی نووسراوی بێدەنگ دوای قسەیەکی دەنگی بەرز. «تکایە بابە، جلی کوردی نا.» من کە چومەوە کوردستان جلی کوردی جوانم بۆیان کڕیبوو. دەمانویست جەژنی نەورۆز بگرین ومنیش دەمویست کوردبوونم پیشان بدەم، بەڵام کوڕەکانم ڕازی نەبوون ببنە بەشێک لەشانۆکەی من. ئەو پارچە کاغەزە بەو پیتە ناسکانەوە بووە دەستپێکی کۆتایی. کاتێک کوڕەکەم تەمەنی بوو بە حەوت ساڵ و بڕیاری دا لە تیمی تۆپی پێی کوردی «نەورۆز» دەربچێت، ئەوتیمەی من ڕاهێنەری بووم، دوا کۆڵەکەی ئەو بینایە لاوازەی کوردی کەوت. پڕۆژەی «کوردیکردن»ی کوڕەکان کۆتایی هات.

Zanyar Adami med sin far. Bild: privat.
کاتێک لە ناو شار و شەقامەکان کوردان دەبینم، چەند وشەیەکی کوردی تێکەڵ دەکەم، بەڵام فەرهەنگی بچووکی منداڵانە زۆر نا خایەنێت کە ئاشکرا دەبم و بێ وەڵام دەمێنمەوە بەرامبەرئەو پرسیارەی زۆرجار دواتر دێت: بۆچی لەگەڵ منداڵەکانت بە کوردی قسە ناکەیت؟ دەزانم چی چاوەڕێم دەکات؛ وتارێکی توند دەربارەی زمانە زوڵم لێکراوەکەمان و بەرپرسیارێتی زیندووڕاگرتنی، و ئەو هەستەی تاوان کە من ئازادم کە بە زمانەکەی خۆم قسە بکەم بەڵام نایکەم هەست بە شەرمەزاری دەکەم و دەزانم حەقیانە، بەڵام هێشتا ناتوانم بە کوردی لەگەڵ منداڵەکانم قسە بکەم.
من لە خێزانێکی سیاسی هاتووم کە ئامادە بوون گیانی خۆیان بدەن لە پێناو مافەکانیان، خێزانێک کە لە دەست چەوساندنەوە هەڵاتون، خزمیان کوژراون و زیندانی کراون تەنها لەبەرکورد بوون. من کە عاشقی زمان و وشەم، چۆن لە ئەرکێکی بەم سادەیە شکستم هێنا؟ سروودی نیشتیمانی کورد هێرش دەکاتە سەرم. «کەس نەڵێت کورد مردووە، کورد زیندووە.» بەڵام من زمانەکەمانم کوشتووە و منداڵەکانم لە میراتی کوردییان بێبەش کردووە. چی خیانەتێکە.
دەبوو بە کەوچک وەک خۆراک زمانی دایکم دەرخواردی منداڵەکان دابا، ئەوان توانای خواردنی پاروی گەورەیان نەبوو، بەڵام دەکرا وەک پێشخواردنێکی سادە یان شیرینییەکی پڕ شەکردەرخواردیان بدەم، دەبوو لە وە تێبگەم لەو سەرسوڕمانەی کە لە چاوەکانیان دا بوو، بە ئازاری تێنەگەیشتن، کاتێک من پێداگریم دەکرد. دەبوو خۆم بگونجێنم لە گەڵ ئەو وەڵامە بێدەنگە یان ئەو وەڵامە سویدیە، جیناتیک بەس نییە، هیچ ڕەگێکی زمانی نییە وشە بگوازێتەوە. من بەزەحمەت وشەسازیی ئەوانم پڕ دەکردەوە کە ئێستا بە بەتاڵی دەنگ دەداتەوە. تەنها شتێک ماوەتەوە وشەکانی خۆشەویستیمە؛ گیانەکەم، بە قوربانت بم، دڵەکەم. چاوەکەم، خۆشەویستم، بۆ تۆ دەمرم، ئەوانە ئەو وشانن کە وەک بارانی لەسەرەخۆ بەردەوام بەسەریاندا باریوە.
من دەمەوێت هەموو ئەو شتە جوانانەی کوردستان بدەم بە منداڵەکان، بەڵام هەست دەکەم درۆیە ئەگەر ئەو شتە ترسناکەکان باس نەکەم. ژیانم لە کوردستان زۆرجار جوان نەبوو، ژیانێکی تاریک بوو پڕ بو لە مەترسی شەڕ و هەڵاتن. کوردستان خاکی خوێنە، جەستەی ئازار و زەبرو زەنگە هەموو ئەو شتانەی هەوڵم داوە منداڵەکانم لێیان بپارێزم، خۆیان بە مروری زەمان تێدەگەن برینەکانم بە کوردی قسە دەکەن، ئارامییەکەم بە سویدییە. دەنگی بۆمبەکان زمانەکەمیان بێ دەنگ کرد. ئەو گومان و بێ متمایەیەش لەگەڵم هات بۆ سوید. ئەو دەوڵەتانەی هەوڵیان دا گەلەکەم لەناو بەرن، لە زمانەکەم دا سەرکەوتوو بون. تێدەگەم کە منیش بە شێوەیەک وەک ستەمکاران زمانی کوردیم سووک کردووە. منداڵەکان زمانەکە بۆ چی بەکار دێنن. منداڵەکان هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەسوکارە کوردەکانیان نییە
دایکم و باوکم لەگەڵیان بەسویدی قسە دەکەن. ئەوان تەنها وەک گەشتیار دەچنەوە کوردستان. ئەگەر زمانی ئیسپانی یان هەر زمانێکی جیهانی تر بووایە، لانیکەم سوودیان لێوەردەگرت.

Bild: Rebaz Geo, Pexels.com
کاتێک دووبارە بۆمبەکان بەسەر ئێراندا دەبارن، ئەمجارە ئیسرائیلی و ئەمەریکی، هیوایەک بۆ ئازادی و گەڕانەوە زیندوو دەبێتەوە. بەڵام دەزانم کە گەڕانەوە خەونێکی دووبارەیە کە هەرگیز بەدی نایەت. چوار دەیە هێواش هێواش خێزانە کوردیەکەی منی کاڵ کردووەتەوە، زیاتر و زیاتر سڕیوەتەوە تەنها لە ناو دڵ دا ماوە ، لەدەرەوەدا هێشتا کوردم، بەڵام لە ناخدا بوومەتە سویدی. حەوت ساڵە نەچوومەتە کوردستان. کاتێک هەستەکانم کەمتر بۆن و تام و زمان و خەڵک و هەوا هەست پێدەکەن، تەنها بەبیرەوەرییەکانم دەژیم. بەبێ بیرەوەریی نوێ، هەموو شت دەبێتە دووبارەبوونەوە؛ هەمان دیمەن لە فیلمێک دا کە زۆر جار بینیومە و ئیتر تێر بووم. تراژیدیایەکی نوستالۆژیە کە ئیترناتوانم بگەڕێمەوە بۆی.
سویدی هەموو شوێنێکی گرتووە، ناتوانم بەرگری بکەم یان یارمەتیی زمانی کوردی بدەم پاکیی خۆی بپارێزێت. کات مێژووی کوردی من دەکاتە چیرۆکێکی کۆن کە ڕەنگە دوای مردنم بمێنێتەوە. ڕەنگە دواتر نەوەکانم باس لە من بکەن وەک دوا کوردی خێزانەکەمان، ئەوەی یەکەمجار هات بۆ سوید. ئەوەی سەدان ساڵ ڕەگی کوردی بڕی. ئەوەی دارە کۆنە کوردییەکەی بەڕەگە ئازار دراوەکانەوە هەڵکەند و دارێکی نوێی خێزانی لە خاکی سوید چاند.
هاوکارەکانم لە دەوری مێزی نانخواردن دانیشتوون و من بە دەنگی بەرز ئەو چیرۆکانەیان بۆدەگێڕمەوە کە وەک یارییەکی ڕاستەقینە و جدی بە گوێم گەیشتوون، یارییەک کە دڵنیا نیم باش بیستبێتم. چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر دەگێڕمەوە، ئەوەی پاشای مارلەسەرشانی کوشت و ئاگری سەرکەوتنی کردەوە. ئەو حەوت شتە پیشان دەدەم کە بە پیتی «س» دەست پێدەکەن، بەیارمەتیی ئەو پارچە کاغەزەی لەژێر مێزەکە شاردوومەتەوە، لە ترسی ئەوەی تێکەڵیان بکەم. کاتێک نانخواردن تەواو دەبێت، بە هێواشی دەچمە ژووری تەکنیک، ئەو شوێنەی جلەکوردیەکانم چاوەڕێم دەکەن. بە ناشیرینی پانتۆڵە پانە کوردیەکە لە پێ دەکەم و پشتێنە ڕەشەکەلە دەوری ناوقەدم دەئاڵێنم و چاکەتەکە دادەخەم. بەو پارچەی بچووکی مووروی پڕ لەپولکەوە دێمە دەرەوە و گۆرانییەکی BIJI دادەنێم کە بە دەنگی بەرز لە بڵندگۆکانەوە دەردەچێت. هاوکارەکانم دەستیان لەگەڵ مندا گرتووە و فێری هەڵپەڕکێیان دەکەم چەپ، ڕاست، چەپ، ڕاست. دڵەڕاوکێ نامێنێت، لەگەڵ موزیکی سویدی کوردی سەرخۆشییەک دێت ومن بە تەنیایی هەڵدەپەڕم بە پێکەنین و خۆشحاڵی لەناو هاوار و چەپڵەلێدانی هاوکارەکانم دا. چەپ، ڕاست، چەپ، ڕاست. شەوی دواتر، سێ هەزار گەنجی کورد بە هەمان گۆرانی لە کۆنسێرتی نەورۆزی BIJI هەڵدەپەڕن. من سەرپەرشتی هەڵپەڕکێ دەکەم بە پشتێنەپوڵەکەدارەکەوە سەیر دەکەم هەزاران دارە سویدی-کوردی نوێ چاندراو کە بە هێواشی دەجوڵێن و هاوار دەکەن: «کەس نەڵێت کورد مردووە، کورد زیندووە.»
———————
هونەرمەندی کورد لە سوێد BIJI: